ئیڤێنتێکی ھاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک بەڕێوەدەچێت
![](/media/15503/fb_img_1664902552868.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133093847090000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی کرد لە کۆنسولی کۆماری چیک لە ھەرێمی کوردستان.
لەم دیدارێکدا تاوتوێی پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و ئاودێری کرا، بەتایبەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتوی کۆماری چیک، لە بواری بەرھەمھێنانی پیشەسازی کشتوکاڵی.
لەبەشێکی تری دیدارەکە گفتوگۆکرا لەبارەی ئەنجامدانی ئیڤێنتێکی ھاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک، کە ئامانج تیایدا ڕەخساندنی زەمینەسازی و ئاشنایەتی دروستکردنە بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری کشتوکاڵی و بونیادنانی پڕۆژەکانی ئاودێری لەلایەن کۆمپانیا وەبەرھێنەرەکانی کۆماری چیک و بەسەرکردنەوەی پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیەکانی بواری کشتوکاڵ و ئاودێری لە ھەرێمی کوردستان وەک هەنگاوێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی ئەزمونەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری جوتیاران و خاوەن پڕۆژەکان.