Skip to the content

ئیڤێنتێکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کۆماری چیک بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە هاوبەشیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و کۆماری چیک، ئیڤێنتێک بەناونیشانی "ڕۆژی بزنسی چیکی" بەرێوەچوو.

بۆنەکە بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بەرپرسانی حکوومی و بریکاری وەزیری کشتوکاڵیی چیکی و کۆنسوڵی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان و ستافێکی باڵای وەزارەت و ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەچوو.

لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک بۆ ئامادەبووان، بێگەرد تاڵەبانی باسی لە هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە ئاستی کشتوکاڵی و وەبەرهێنان و بەرێوەبردنی ئاو و پیشەسازیدا کرد، هەروەها باسی گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی وەزارەت ‌و چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە گلدانەوەی سەرچاوەکانی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و کەمبارانی کرد.

لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، باسی لە بەکارخستنی کارنامە و پلانی بەبازاڕکردن و بەپیشەسازیکردنی بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و ئاڵوگۆڕ و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی گرووپی شارەزایان و وەبەرهێنەرانی چیکی کرد، بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و درووستکردنی بەنداو و پڕۆژەکانی ئاودێری.

وا بڕیارە شاندەکەی کۆماری چیکی، بەسەرپەرشتیی بریکاری وەزیری کشتوکاڵی چیکی، بە شێوەیەکی مەیدانی ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی بواری وەبەرهێنان و بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و بەنداوەکان لە هەرێمی کورستان بەسەربکەنەوە.