Skip to the content

بەرهەمی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستاندا زۆر زیادی کردووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت، لەگەڵ خاوەنی پڕۆژە و کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامی کۆبووەوە.

لەو کۆبونەوەیەدا تاووتوێی چەندین بابەتی گرنگ کرا، بەتایبەتی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتیی بەبازاڕکردن و دڵنیاییدانی جووتیاران لە وەرگرتنەوە و ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنمەشامیی ئەمساڵ و تاووتوێکردنی نرخی وەرگرتنەوەی بڕی بەرهەمهاتووی گەنمەشامی.

ئەمساڵ بەپێی وەرگرتنی زانیاریی سەرەتایی، ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی زۆر زیادی کردووە، کە بە نیو ملیۆن تەن دەخەمڵێنرێت.

لەمبارەوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، "وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە پاڵپشتی لە ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان بکەین و گرنگی بە بنەتۆوی گەنمەشامی دەدەین؛ وە سەنتەرەکانی توێژینەوە و رێنمایی کشتوکاڵیی وەزارەتمان ڕادەسپێرین، بە مەبەستی ڕاهێنان و رێنماییکردنی جووتیاران و ئاشناکردنیان بە کشتوکاڵی مۆدێرن؛ بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانی خاوەن کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامی دەکەین، بۆ ئەوەی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان ئێمە و جووتیاران و خاوەنی کارگەکاندا هەبێت."