Skip to the content

دوای هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ڕاپەڕین دەستبەکاربوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دوابەدوای ئەوەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ڕاپەرین لە ئیدارەی ڕاپەرین، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاتەکایەوە؛ بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دیاریکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت، لە مەراسیمێکدا ئەرکی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵیی ڕاپەرینی، بە خالید ئەحمەد کەریم سپارد.

لە مەڕاسیمەکەدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، "بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێوەبەر دەکەین و وەک هەمیشە هیوای سەرکەوتن لەو ئەرکە تازەی بۆ دەخوازین؛ جەخت لەسەر پاڵپشتیی تەواوی وەزارەتمان، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین دەکەینەوە. بەهیواین ئەم هەنگاوە گرنگەی وەزارەتمان لە کردنەوەی ئەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییە، ببێتە بنەمایەکی بەهێزی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری و بووژانەوەی ژێرخانی داهاتی جووتیاران لە تەواوی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین."

شایانی باشە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ڕاپەڕین، لەسەر بنەمای شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و پێدانی سەربەخۆیی زیاتر بەو ئیدارەیە و گرنگیدان بووە بە کاروباری کشتوکاڵیی ئەو دەڤەرە.