سەدان هەزار نەمام بەبێ بەرامبەر بە جووتیاران و خاوەن باخەکان دەدرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و بەئامادەبوونی هەڵکەوت عەبدولرەحمان، بەرێوەبەری گشتی و بەرێوەبەری فەرمانگەکانی بەرێوبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوانی وەزارەت، کۆبوونەوەیەکیان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشی بەرێوەبردنی دارستان و پاوان و نەمامگەکان و بەرهەمهێنان و پارێزگاری کردنیان و کارکردن لەپێناو زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و ژینگە ئەنجام دا.
لەدیدارێکدا کە تایبەت بوو بەئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نیشتیمانی سەرتاسەری لە ناوەراستی مانگی داهاتوو، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندی دارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بەخشین و ڕواندنی سەدان هەزار نەمام بەبێ بەرامبەر، بۆ جوتیاران و خاوەن باخەکان و شارەوانیەکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنگاکان، بۆ گرنگیدانی زیاتر بە پانتایی سەوزایی و پاڵپشتی زیاتری ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەماوەی ڕابردوودا رایگەیاند، بە دروشمی (پەرژینی بکە بە درەخت )کە بڕیار وایە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان لە یەک ڕۆژدا بە هاوکاری ڕێکخراوی مێرگ ئەنجام بدرێت .