Skip to the content

هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایز لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە مەراسیمێکدا، هەشتەمین "فێستیڤاڵی هەنار و پایز"ی هەڵەبجە دەستیپێکرد.

فێستیڤاڵەکە بەسەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، بە هاوکاریی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.

فیستیڤاڵەکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و نزیکەی ٤٠٠ جووتیار و خاوەنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و کارە دەستییەکان بەشداری دەکەن.

دەڤەری هەڵەبجە بەوە ناسراوە کە بەرهەمی لەباری هەنار پێشکەش بە بازاڕی هەرێمی کوردستان دەکات. وەزارەتی کشتوکاڵیش لە ڕێی ئەم فێستیڤاڵ و ڕێوەڕەسمەوە، دەیەوێ یارمەتیی پڕۆسەی بەبازاڕکردنی زیاتری بدات.