Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەند بڕیارێکی لەبارەی پارەی گەنمی بنەتۆوی جووتیاران دەرکرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی جووتیاران دەرکرد.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی جووتیاران، وە پاڵپشت بە فەرمانی وەزاریی ژمارە ٣٦٠٥ی وەزارەت لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، کە کۆی گشتیی خەرجیی بەرهەمهێنانی بنەتۆوی گەنمی باوەڕپێکراو، دەکاتە 1,014,750 دینار بۆ یەک تۆن.
لەژێر رۆشنایی پلانی وەزارەتمان بڕیارمان دا بە:

-دیاریکردنی نرخی فرۆشتنەوەی بنەتۆوی گەنمی باوەڕپێکراو، بە بڕی ٨٠٠ هەزار دینار.
-دیاریکردنی نرخی پاڵپشتی بۆ جووتیاران بە بڕی ٢١٤ هەزار و ٧٥٠ دینار بۆ یەک تۆن.

ئەم بڕە پارەیەش لەسەر بودجەی پاڵپشتیی ٢٪ی بنەتۆوی هەرێم لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دابیندەکرێت؛ لە چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتیمانیی بەبازاڕکردن و بەبڕشتکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.