وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی دادی عێراقی گفتوگۆی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکەن
![](/media/15569/fb_img_1665066903361.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133095514720000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەئامادەبوونی ستافی وەزارەت، پێشوازی لە حاکم سالار، وەزیری دادی عێراقی فیدراڵ کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە هەماهەنگی و ئەو کارە هاوبەشانە کرا، کە لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی دادی عێراقدا هەن.
هەروەها باس لە چارەسەرکردنی کۆی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانە کرا کە لەنێوان هەردوولادا ماونەتەوە، بەتایبەتی کێشەکانی زەوی و زار لە ناوچە جێناکۆکەکان.
لە تەوەرەیەکی تری دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی کرا، بۆ ئەوەی کاری هاوبەشی لەسەر بکرێ و بەردەوامی پێبدرێ.
هەروەها داوای چارەسەرکردنی ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرا، تا لە ڕووی یاساییەوە ئاسانکاری بۆ بکرێت و جووتیارانی هەرێم لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەکانیان بتوانن بەرهەمەکانیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساغبکەنەوە.
لەگەڵ چەندین بابەتی تری پەیوەندیدار بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ.