وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هەماهەنگیی زیاتر دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەئامادەبوونی ستافی هەردوو وەزارەت، لەگەڵ د.مەهدی رەشید ئەلحەمدانی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئەنجام دا.
کۆبوونەوەکە دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جووتیاران و داڕشتی پلانی هاوبەش بۆ ستراتیژی بەڕێوەبردن و گلدانەوەی سەرچاوەکانی ئاو و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و کەمبارانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوو.
دوابەدوای خستنەڕووی ئاستەنگ و مەترسییەکانی دۆخی ئاو لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بەڵێنی کارکردنی ڕژدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندیی زیاتری نێوان تیمی هاوبەشی هەردوو وەزارەت پیشان دا.
دواتر بۆ هەمان مەبەست کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گرێدرا.