وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی هۆڵەندا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت پێشوازی لە یاکۆ بیرێندز، کۆنسوڵی گشتیی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەم دیدارەدا، وێڕایی پیرۆزبای لە کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، لە نزیکەوە گفتوگۆ بەمەبەستی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پێشخستنی زیاتریی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کرا.
بە تایبەتی دەربارەی هەنگاوەکانی پێشکەوتنی تیمی ڕاوێژکاریی نێوان حکوومەتی هۆڵەندی و حکوومەتی هەرێم بۆ گواستنەوەی ئەزموون و پێشکەوتنی هۆڵەندی لە بواری وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و چۆنیەتیی گونجاندنی کشتوکاڵ لەگەڵ گۆڕانەکانی کەشوهەوا، پەرەپێدانی بنەتۆ و سەنتەرەکانی توێژینەوە و ڕێنمایی کشتوکاڵی و کردنەوەی لقی سەنتەری نێودەوڵەتیی زانستی (WHC )، بۆ ئاشناکردنی جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان و چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی ئۆرگانی، بە بەکارهێنانی سیستەمی پێشکەوتووی ئاودێری.
هەروەها داوا لە کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا کرا ڕۆلیان هەبێ لە ڕاهێنانی جووتیاران و فەرمانبەران و ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن لە زانکۆ پێشکەووتوەکانی وڵاتی هۆڵەندا، بۆ پەرەپێدانی تواناکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
هەر لەمیانی ئەم دیدارە، لە لایەن وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بانگهێشتی خاوەن پڕۆژەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی هۆڵەندی کرا، بە مەبەستی ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و سوودوەرگرتن لە خاک و کەشوهەوای لەباری هەرێمی کوردستان.