تاووتوێی کێشە و داواکارییەکانی جووتیارانی ناحیەی قوشتەپە کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە میانی ئەرک و دەوامی ڕۆژانەیدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە ژمارەیەک جووتیاری سنووری ناحیەی قوشتەپەی دەشتی هەولێر کرد.
دوابەدوای گفتوگۆ و لە نزیکەوە گوێگرتن لە کێشە و داواکارییەکانیان، راستەوخۆ بەدواداچوون بۆ کێشەکانی جووتیاران کرا، بەتایبەتی دەربارەی بابەتی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی سەوزەی خۆماڵی، وە جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی بەرهەمی هاوردە بەپێی خشتەی بڕیارلێدراوی ڕۆژنامەی کشتوکاڵی لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی، لەپێناو گرینگیدان بە ئاسایشی خۆراک و سەلامەتیی هاووڵاتیان و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاند "ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لەمەودوا بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، بەرنامە و پلانی هەمەلایەن و گرنگمان دەبێ بۆ چاودێریکردن و قەدەغەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە بە شێوەی نایاسایی هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن، کە کاریگەری دەبێت لەسەر کوالێتی و ژێرخانی ئابووریی جووتیاران و دابەزینی نرخی بەروبومەکانیان لەکاتی ساغکردنەوە و گەیاندنی بۆ دەستی بەکاربەر بەگشتی."