وەزیری کشتوکاڵ بە شێوەی مەیدانی سەردانی فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی سلێمانی کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- شەوی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندیداری وەزارەت و ستافی نووسینگەی وەزارەت، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سلێمانی سەر بە وەزارەت کۆبۆوە.
کۆبوونەوەکە بە مەبەستی لە نزیکەوە گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی چەندین بابەتی گرنگی وەزارەت بۆ بەدواداچوون لە کێشە و داواکاری و سەرنج و پێشنیارەکانی بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی سەر بەوەزارەت و تاووتوێکردنی گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوای جیهان و ناوچەکە و دۆخی وشکەساڵی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەمئاوی و کەمبارانی بوو.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر کەمکردنەوەی رۆتینی کاروباری هاووڵاتیان و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتە کارگێڕی و هونەرییەکان کرایەوە، کە لەلایەن وەزارەت دابەزێنراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان. وە بەردەوامیدان و برەودانی زیاتر بە ئەنجامدانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە بەدواداچوون بۆ کێشە داراییەکان و پێداویستییەکانی فەرمانگەکان و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاو و سامانی ئاژەڵی و پڕۆژەکانی ئاودێری و باخداری و چەندین بابەتی تر لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرا.