پڕۆژەی باخی خورما لە گەرمیان گرنگیی زیاتری پێدەدرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمرۆ سێشەممە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، وەفدێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە ڕزگار حەمەد ڕاوێژكاری وەزارەت و هەڵكەوت عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، سنووری ئیدارەی گەرمیانیان بەسەرکردەوە و سەردانی شاری كەلاریان كرد.
سەرەتا سەردانی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیانیان كرد و لەلایەن بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان پێشوازیان لێ كرا.
پاشان لیژنەی تایبەت بە بونیاتنانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی باخی خورما بە مەبەستی دۆزینەوە و دیاریكردنی گونجاوترین میكانیزم بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردن، کۆبوونەوە.
دواتر وەفدەكەی وەزارەت بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی نەمامگە و باخی خورمای بەڕێوەبەرایەتیی باخداری کرد و شوێنی پێشنیازكراوی پڕۆژەكەیان لە سنووری كشتوكاڵیی كەلار بەسەرکردەوە.