Skip to the content

بریکاری وەزارەت و شاندێکی باڵای حکوومەتی هوڵەندی پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیان بەسەرکردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بەسەرپەرشتیی بریکاری وەزارەت و بەئامادەبوونی راوێژکاران و بەرێوەبەرانی گشتیی پەیوەندیداری وەزارەت، پێشوازی لە  ستافێکی کونسوڵخانەی گشتیی هۆلەندا و تیمێکی باڵای حکوومەتی هۆڵەندی لە ناحیەی قوشتەپەی دەشتی هەولێر کرا.

لە سەرەتادا کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەربارەی جەختکردنەوە و هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. دواتر بەیەکەوە سەردانێکی مەیدانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی سیستەمی هایدرۆپۆنیکی تایبەت بە کۆمپانیای ئەگرۆ سێرف-یان کرد.

ئەم پڕۆژەیە سەنتەرێکی ڕاهێنان و سەنتەرێکی تاقیکردنەوە لەسەر بەربوومە کشتوکاڵییەکان لەخۆدەگرێت؛ بە هەماهەنگیی وەزارەت و کۆلێژی کشتوکاڵ و پاڵپشتیی حکوومەتی هۆلەندی لە چوارچێوەی پڕۆگرامی گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکات.

لە کۆتاییدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن، جەخت لەسەر بەردەوامی و هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنی تیمی راوێژکاری و پاڵپشتیی حکوومەتی هۆڵەندی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرایەوە؛ بەمەبەستی بووژانەوە و بەرەوپێشبردنی زیاتری پیشەسازیی کشتوکاڵی.