Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەندازیارانی کشتوکاڵی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی هەینی ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئەندازیارانی کشتوکاڵییەوە پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و ئەمە دەقەکەیەتی:

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئەندازیارانی کشتوکاڵی (٩ی ئەیلوول)، گەرمترین و ناوازەترین پیرۆزبایی خۆمان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی سەرجەم ئەندازیارانی کشتوکاڵی و هاوکارانی بەڕێزمان لە ئەنجوومەن و نوێنەرایەتییەکانی سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی دەکەین.

لەم ڕۆژە گرنگەدا جەخت دەکەینەوە لەسەر هەماهەنگیی وەزارەتمان و پاڵپشتیی ئەندازیارانی کشتوکاڵی، بەتایبەتی لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ پڕۆژەکانی سەرپەرشتیاریی کشتوکاڵی و هاوتاکردنی دەرماڵەی ئەندازیارانی کشتوکاڵی لەگەڵ ئەندازیارانی کشتوکاڵیی عێراق.

هاوکات لەگەڵ بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کێشە و داواکارییەکانیان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و سەرچاوەی دارایی و دابینکردنی قەرزی بچووک بۆ ئەندازیاران، بەمەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە بواری کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازیی خۆراکیدا.

هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن و برەودانی زیاتر بەم ئەرکە پیرۆزە، لەپێناو خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگە بەتایبەتی.