Skip to the content

بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی پاوانی سلێمانی دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئاستی گەشەکردنی پڕۆژەی باخی سێبەر کە بۆ جووتیاران و خاوەن مەڕو ماڵاتی گوندەکان دەکرێت، بەتایبەت ئەوانەی زۆر ڕووتەنن، رۆژی ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، تیمێکی هۆبەی پاوان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی کە پێکهاتبوون لە چەند ئەندازیارێکی کشتوکاڵی، کارەکانی ساڵانی ڕابردووی هۆبەکەیان بەسەرکردەوە. 

تیمەکە سەردانی گوندی بادانە لە ناڵپارێز و تەپی کەرەم لە سەیدسادقی کرد و چاویان بە جووتیار و خاوەن باخەکان کەوت و بەدواداچوونیان بۆ کارەکانی پڕۆژەی باخی سێبەر کرد.

سوپاسی ئەو جووتیار و خاوەن مەڕوماڵاتانەشیان کرد کە زۆر بەباشی خزمەتی باخەکانیان کردووە و توانیویانە تا ئەوکاتەی نەمامەکان دەبنە درەخت پارێزگاریان لێ بکەن و بیپارێزن.

جێی باسە پرۆژەی باخی سێبەر یەکێکە لەو پرۆژانەی هۆبەی پاوان سەرپەرشتیی جێبەجێکردنیان دەکات، بەئامانجی زیادکردنی رووبەری سەوزایی و دابینکردنی سێبەر بۆ حەوانەوەی مەڕو ماڵات لەبەر سێبەردا لەپێناو زیادبوونی رێژەی بەرهەمی شیر.

باخی سێبەر لەسەر ڕووبەری نیو دۆنم زەوی درووست دەکرێت و نەمامی تووی تێدا دەڕوێنرێ و پەرژین دەکرێ تا ئەوکاتەی نەمامەکان دەبنە درەخت.