Skip to the content

بەنداوی خنس لە دوا قۆناغی تەواوبوونیدایە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، سەردانی پڕۆژەی بەنداوی خنسی کرد، کە ئاوگرەی بەنداوەکە بە دواقۆناغەکانی تەواوکردنی پرۆژەکە دەژمێردرێ و ڕێژەکەی دەگاتە ۹۹٪.

دواتر لەگەڵ ئەندازیاری نشینگە و تیمی ئەندازیاریی سەرپەرشتی، بەشە جیاجیاکانی بەنداوەکەیان بەسەرکردەوە؛ بەتایبەت ناو (diversion) و کاری قوفڵ و بۆڕییەکانی دوادەرچەی بەنداوەکە و چەند ڕێنماییەکی پێویست بۆ کاری تەواوکردنی درا.

جێی باسە، بەنداوەکە توانای گلدانەوەی نزیکەی ۷ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیەو لەسەر ڕووباری گۆمەڵ لە نزیک گوندی خنس درووست دەکرێت، کە وابڕیارە ئەمساڵ دەست بە گلدانەوەی ئاو بکرێت.

هەر لەمیانی سەردانەکەی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان، ستایشی ڕۆڵی تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەکەی کرد کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە، هەروەها سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکار (هیواگروپ)یشی کرد کە سەرەڕای گرفتی دارایی، لەخۆبووردووانە بەردەوامییان بە کارەکە داوە.