تاوتوێی چەند پڕۆژەیەک لەسنوری ئیدارەی گەرمیان، راپەرین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کران
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبۆوە و چەندین بابەت و پڕۆژیەکی گرنگ و ستراتیژی لەسنووری ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تاوتوێکران.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆبوونەوکە تایبەت بوو بە پاڵپشتی و تەمویلکردنی تێچووی پڕۆژەکانی ئاودێری و دروستکردنی بەنداو و پۆند ، بەمەبەستی سوود وەرگرتن و گلدانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ئەو ناوچانە و پاڵپشتیکردنی جوتیاران لە میانی جێبەجێکردنی پلانی رووبەڕونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و کەمکردنەوەی زیانەکانی کەمئاوی و کەمبارانی لەو ناوچانە و لە هەرێمی کوردستان بە گشتی .
لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ داواکارییەکان نیشاندا و جەختی کردەوە لەسەر بەدواداچوون و هاوکاریکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەسەر خستنی جێبەجێکردنی پلانی بوژانەوەی کشتوکاڵی و بەهێزکردنی ستراتیژی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان .