Skip to the content

جووتیاران و پسپۆڕانی ڤێتێرنەری بەم ڕێکارانە دەتوانن قەرزی کشتوکاڵی وەرگرن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە گشتاندنێکدا بۆ فەرمانگەکانی وەزارەت، چەند رێکارێک لە بارەی وەرگرتنی قەرزی کشتوکاڵی بڵاودەکاتەوە.

دوابەدوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشت لەگەڵ بانکی ئەلقرتاسی ئیسلامی، بەمەبەستی دابینکردنی قەرزی بانکی و پاڵپشتیی پڕۆژەکانی جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەم ڕێکارانەی بڵاوکردەوە:

1- وەرگرتنی مامەڵەی جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری، ئەوانەی خوازیارن سوودمەند بن بە مەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند و بەرزکردنەوەی بۆ بەرێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەت.

2- پشتگیریی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان لەگەڵ سەرجەم بەراییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە هاوپێچ دەکرێت، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و پەسندکردن و ئاراستەکردنی بۆ بانکی ناوبراو.

3- خاوەن بیرۆکە پێویستی بە کەفیلێک دەبێت بۆ بانکی ناوبراو کە فەرمانبەری حکوومەت بێت.

4- بڕی قەرزەکە لە ١٥ ملیۆن دینار تا ١٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت. ئەوەش بە گوێرەی ئاستی پڕۆژەکە، لەماوەی ١ ساڵ تا ٥ ساڵ قەرزەکە دەدرێتەوە؛ لە دوای شەش مانگی یەکەمی سوومەندبوونی قەرزەکە.

5- کاری وەزارەتمان تەنها هەڵسەنگاندن و پەسندکردن و پشتگیری و چاودێریی پڕۆژەکانە لەڕووی هونەری و پێشخستن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری.

6- سەرجەم ڕێکارە کردارییەکان وەکو یاسایی و دارایی و کارگێڕی لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکە، لە بانک یەکلایی دەکرێنەوە.


ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو