لە سلێمانی بێگەرد تاڵەبانی بەشداری لە یەکەمین کۆربەند و پێشانگای وەبەرهێنان و ئابوری دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی شەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە سلێمانی بەشداری لە یەکەمین کۆربەند و پێشانگای وەبەرهێنان و ئابوری لە سلێمانی کرد کە تیایدا نوێنەرایەتی سەدان کۆمپانیا و کەسایەتی و وەبەرهێنەری بیانی و ناوخۆی ئامادەبوون.
لە میانی بەشداریکردنی لە یەکەمین پانێلی کۆڕبەندەکە بەناونیشانی (وەبەرهێنان بنەمای ستراتیژی ئاوەدانی و گەشەی ئابوریە )، بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئامادەبووان و میدیاکاران باسی ئاڵەنگەرییەکان و کارو چالاکی و بەرنامە و هەنگاوەکانی بەرەو پێشچوونی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کرد ، بە داتا و زانیاری پێویست.
هەروەها باسی لە دەرفەتەکانی بوژانەوەی پیشەسازی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جوتیاران و بانگهێشتی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و سوود وەرگرتن لە کەش و هەوای لەبار و بەپتی خاکی هەرێمی کوردستان و بەرەو پێشبردنی زیاتری پەیوەندی و هەماهەنگیەکان و کۆکردنەوەی دامەزراوەکانی حکومەت و وەبەرهێنەران، تا بەیەکەوە لەم کۆربەندە گفتوگۆ بکەن، لە پێناو چاکسازی و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان.