لە پێنجوێن تاووتوێی چەند پرسێکی تایبەت بە دارستان و پاوان و گرفتەکانی ئەم کەرتە کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، هەڵکەوت عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، بە یاوەریی شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە وەزارەت سەردانی زانا رەحمان رەحیم قایمقامی قەزای پێنجوێنی کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا بەئامادەبوونی هاوکار جەلال بەرێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی و جەلیل شەمسەدین بەڕێوەبەری باخداری، گفتوگۆ لەبارەی گرفتەکانی پەیوەندیدار بە پاراستنی دارستانەکان لە هەوڵەکانی زیادەڕەوی و تاووتوێی چارەسەرکردنی گرفتی کانی بەرد کرا لە سنوروەکەدا. بەتایبەت رێگاکان بۆ هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی و پۆلیسی دارستان بۆ هەمان مەبەست، لەم ڕووەوە بەگرنگ زانرا وۆرکشۆپێک لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانیەوە رێکبخرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی سنوورەکە لەبارەی برگەکانی یاسای دارستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی کەرتی باخداری کرا و تاووتوێی داواکاریی جووتیاران کرا بەتایبەت لە بەدەنگەوەهاتنی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بۆ داواکاریەکانیان کرا، بەتایبەت کە سنووری پێنجوێن بەرهەمهێنێکی گرنگی پەتاتەیە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە دەبێ کار بکرێ بۆ خزمەتی جووتیاران و پشتیوانیکردن و هاندانیان تا خۆراک و بەرهەمی تەندرووست و ئۆرگانی بەرهەم بهێنرێت و کاربکرێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکان.