Skip to the content

هەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵدا سوود لە سوید وەردەگرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی سویدی کرد کە پێکهاتبوو لە بەرپرسی ڕێکخراوی سیدا پێترا سمیتماینس و نوێنەری باڵیۆزی سوید لە بەغدا مارگرێتا دەیڤدسن.

لەم دیدارەدا لە نزیکەوە گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرا. هەروەها تاووتوێی چەندین بابەتی گرنگ دەربارەی چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی کشتوکاڵی وڵاتی سوید کرا.

هەروەها باسی فراوانکردنی هەوڵەکان دەربارەی پارێزگاری و بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان و ڕاهێنان و ئاشناکردنی جووتیاران لەسەر شێوازی بەکارهێنانی ئاو بە سیستەمی پێشکەوتووی ئاودێری و چەندین پرسی دیکە کرا.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ژنانی خاوەنکاری گوندەکان و بەرهەمهێنی کشتوکاڵی و گۆڕانکارییە خێراکانی کەش و هەوا و پلانەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم کرا، لەپێناو ڕووبەرووبونەوە و کەمکردنەوەی زیان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەروبوومەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.