وەزارەتی کشتوکاڵ و تیمێکی بەرازیلیی بواری ئاو هەماهەنگی بۆ هاوکاریی جووتیاران دەکەن
![](/media/14360/fb_img_1662312464251.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133067935690000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بریکاری وەزارەت کەریم سلێمان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان و بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو پێشوازی لە هەریەک لە مارکۆ رایس راوێژکاری بواری ئاو لە پەرلەمانی بەرازیل و شارەزایەکی بونیاتنانی پڕۆژەکانی ئاودێری کرد.
لەم دیدارەدا لە نزیکەوە تاووتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتوی وڵاتی بەرازیل کرا.
باسی گرنگی دیدارەکە لەبارەی ستراتیژی بەرێوەبردنی ئاو و چۆنییەتی سوودبینین لە کەش و هەوای لەباری هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو و پاڵپشتیی جووتیاران و پڕۆژەکانی سێکتەری کشتوکاڵی و ڕاوێژکاریی تەکنیکی و دارایی بوو لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بۆ رووبەڕووبونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و کەمئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی سەر کشتوکاڵ و ئاودێری.