Skip to the content

کوردستان هاوشانی جیهان ڕووبەڕووی وشکەساڵی دەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، شاندێکی دامەزراوەی جیهانی RIMES کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی دامەزراوەکە و ڕاوێژکاری ئاو و هەوای دامەزراوەکە و رێگەپێدراوی دامەزراوەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی کرد و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو دکتۆر کاروان سەباح و بەڕێوەبەرانی بەشە پەیوەندیدارەکان پێشوازیان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەوە کرا کە هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لەو هەماهەنگییە جیهانییە بۆ رووبەروبوونەوەی کارەساتەکانی وەکو وشکەساڵی و لافاو، هەروەها بۆ پێشبینیکردنی دۆخی ئاوهەوا تا ئاستی شەش مانگ بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێ بۆ پێشهاتەکانی لافاو وشکەساڵی و زیانەکان گفتوگۆ کرا.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو داوای کرد بە هاوکاریی UNDP و دامەزراوەی RIMES و سەرچاوەکانی ئاو و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە، بانکێکی زانیاری و تۆڕێکی هاوبەشیکردنی داتاکانی تایبەت بە ئاو، باران و بەفر لە کوردستان دابنرێ و سیستمی پێوانەسازیی ئاوهەوا و ڕۆیشتنی ئاو و چاودێریی ئاوی ژێر زەوی نوێبکرێتەوە.