یەکەمین فیستیڤاڵى بەرهەمى خۆماڵی لە ئیدارەی ڕاپەڕین بەرێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین یەکەمین فیستیڤاڵى بەرهەمە خۆماڵییەکانی لە پارکى دەروازەى شارى ڕانیە و لە ژێر دروشمی گرنگیدان بە بەرهەمی خۆماڵی و هاندانی جوتیاران کردەوە.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ڕاپەرین رێکخرابوو و تێیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ناوچەکە تیایدا بەشدر بوون.
لە گوتەیەکدا بێگەرد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی بۆ کردنەوەی فێستیڤاڵەکە دەربڕی و رایاگەیاند،جێگەی خۆشحاڵییە کە دەبینم لە دەڤەری ڕاپەرینی سەربەرز ژمارەیەکی بەرچاو لە جوتیارانی دەست رەنگین و خاوەنی پڕۆژە جۆراو جۆرەکانی بەروبومە کشتوکاڵیەکان بەشداریان کردووە لە پێشکەشکردن و ناساندنی بەرهەمە خۆماڵیەکانی خۆیان.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راشیگەیاند:''ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پلان و بەرنامە و هەوڵەکانمان بۆ پارێزگاری و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران، زۆر بە گرنگیەوە دەڕوانینە کردنەوەى ئەم جۆرە فیتسڤاڵانە لە سەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، وە پاڵپشتی تەواوی خۆمان دووپاتدەکەینەوە لە پێناو برەودان بەبەرهەمە خۆماڵیەکان و بەمەبەستی زیاتر ئاشناکردن و بەکارهێنانی لە لایەن هاوڵاتیان و دامو دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان .''