Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر کۆبووەوە

رۆژی سێشەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر ، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنەکە و نوێنەرایەتی خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان ئەنجامدرا.

لەم کۆبونەوەیەدا بەووردی تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشەکان و هەوڵەکانی کەمکردنەوەی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و بابەتی بە بازاڕکردنی بەرهەمی گۆشتی مریشک و هێلکەی خواردنی پڕۆژە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.

بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: ''لە ئێستادا سەرقاڵی دارشتنی ستراتیژ و دروستکردنی هەماهەنگین بەمەبەستی هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانە بۆ ووڵاتانی کەنداو و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، هاوتەریبی پلانی ڕێکسختنی بە بازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی پڕۆژە پەلەوەرییەکان لە بازاڕەکانی ناوەرواست و خوارووی عێراق، بەشێوەیەکی دروست و کواڵێتی بەرز و پاکێجینی پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی کە خاوەن پڕۆژەکان بتوانن سوود لە بازاڕەکانی عێراق و کەنداو وەربگرن ،وەک هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی و نیشتمانی بۆ پاڵپشتی بەرهەمی خاوەن پڕۆژە خۆماڵییەکانی کوردستان.
 
لە ئێستادا و دوابەدوای هەوڵێکی زۆری وەزارەت و ڕۆڵی کارای خاوەن پڕۆژەکان و وەبەرهێنەران، قۆناغی خۆبژێوی و دابینکردنی پێویستییەکانی هاووڵاتیان تێپەرێندراوە لە بابەتی گۆشتی مریشک و هێلکەی خواردن.