Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ ستافی کۆمەڵە و ڕێکخراوە هەنگەوانییەکان کۆبووەوە

رۆژی سێشەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ستافی کۆمەڵە و ڕێکخراوە هەنگەوانییەکان و بەشێک لە هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.

لەو دیدارەدا وێڕایی سوپاس و دەستخۆشی لە لایەن وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەوهەنگەوانەی کە بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە بەشداریانکردووە لە پێشەنگا و فێستیڤاڵ و پێشبرکێ جیهانی و نێودەوڵەتییەکان و پێشەنگبوونی هەنگوینی سروشتی کوردستان.

هەر لەو دیدارەدا لە نزیکەوە گفتوگۆ بارەی داواکارییەکانی ئامادەبووان کرا، کە بریتیە لە پاڵپشتی هەنگەوانان و پێداچوونەوە بە ڕێنمایی و ڕێککارەکان وەک دەرفەتێکی گرنگی کارئاسانی و کەمکردنەوەی ڕۆتین و پاڕێزگاری لە هەنگ و هەنگەوانانی کوردستان و بەردەوامیدان بە پڕۆژەی ڕاهێنانی نیشتمانی و هاندانی جووتیاران و ئەنجامدانی ئامارێکی سەرتاسەری، کە بتوانرێت ژمارەی هەنگەوانان و ژمارەی پورەی هەنگ دیاری بکرێت.
 
هەروەها گفتوگۆ کرا لە بارەی پاڵپشتیکردنی کۆمەڵە و رێکخراوەکان بۆ دروستکردنی هەرەوەزییەکی گەورەی هەنگەوانی کە بتوانرێت ستراتیژی بەبازاڕکردن و دابینکردنی پێداویستیەکانی هەنگەوانان دابڕێژێت، وەک بە پیشەسازی کردنی بەرهەمی هەنگ و چاودێریکردنی چۆنیەتی دابینکردنی و هێنانی دەرمان و کۆنتڕۆلکردنی دەرمانی بێ کواڵێتی، کە کاریگەری نەرێنی هەبووە، و پاڵپشتیکردنی چاندنی ئەم بەرهەمانەی کە شیلەی هەنگ زیاد دەکات، وەکو بەرهەمی
(کونجی، گوڵی ڕاپس و گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامی) هەروەها جەختکرایەوە لەسەر بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردنی هەنگ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

لە تەورێکی تری گرنگی کۆبونەوەکەدا بەووردی باسی زیادکردنی بڕی هەناردەکردن و بەبازاڕکردن و بەپیشەسازیکردنی هەنگوینی سروشتی کوردستان کرا، بە کواڵێتی و پاکێجینی پێشکەوتوو بۆ بازاڕەکانی کەنداو، کە لە ئێستادا تیمێکی تەکنیکی هاوبەشی نێوان وەزارەت و نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم کاری لەسەر دەکەن.