Skip to the content

بێگەرد تاڵەبانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی هیندستان کرد

رۆژی پێنجشەممە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت پێشوازی لە مادان گۆپال، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا تاوتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هیندستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی لەبوارەکانی پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و ئاودێری.

 کونسوڵی گشتی هیندستان ئامادەی خۆیان دەربڕی بۆ پاڵپشتی جووتیاران و فەرمانبەران بە ڕەخساندنی دەرفەتەکانی ڕاهێنان و شیاندنی تواناکان و ئاشنابوونیان بەداهێنان و تەکنەلۆژیا و ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتی هیندستان.

لەلایەن خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی، داوای لە کونسوڵ کرد ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە ئەنجامدانی یاداشتێکی لێک تێگەیشتنی تەکنیکی پێکەوە کارکردنی هاوبەش، لە هەمانکاتدا داوای کرد لەڕێگەی ئەوانەوە بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە بکرێت، بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن و سوود لە دەرفەت و ئاسانکارییەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان وەربگرن.