Skip to the content

پڕکردنەوەی فۆڕمی جووتیاران بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە

رۆژی دووشەممە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی و بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری وەزارەت ئەنجامدرا.

لەم کۆبونەوەیەدا تاوتوێی کاروچالاکییەکانی وەزارەت کرا و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی جووتیاران و ئاسانکاری بۆ کاروبارەکانی هاووڵاتیان و خاوەن پڕۆژە و کارگەکان کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی جووتیاران و ئامادەکردنی پلانی چاندنی وەرزی زستانە و هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران، بڕیاردرا بە ئاسانکاری و لادانی بەربەستەکانی بەردەم ناونووسینی جووتیارانی هەرێم، لەکاتی تۆمارکردن و پڕکردنەوەی فۆرمەکان و دڕێژکردنەوەی ماوەی مانگێک واتە تا ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بۆ ناونووسین و بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن و فەرمانگەکانی وەزارەت ڕاسپێردران کە کاربکەن بۆ نەهێشتنی ڕۆتین لەم پرۆسەیە.

لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر دۆخی دامەزراندنی دەرچووان و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسای ژمارە ( ۲۰ ) و ڕێنمایی ژمارە ( ٤) ی تایبەت بە دامەزراندنی سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە کەرتی تایبەت کرایەوە و دوابەدوای وەرگرتنی ڕاهێنانەکان بەسەرکەوتوویی، بۆ ئەم مەبەسته سەرجەم بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران کە هەموو هەوڵەکانی خۆیان بخەنەکار، لەپێناو بەکارخستنی یاساکە و هەماهەنگی‌ و کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەن پڕۆژه و کارگەکان، لەپێناو ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەتی هەلیکار و خستنە سەرکاری بەشێکی زۆری دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری .