وەزارەتی كشتوكاڵ و دەزگەی ڕوانگە تاووتوێی ڕاهێنانی كشتوكاڵی و هەلی كار لەو بوارەدا دەكەن
![](/media/18215/fb_img_1676225855209.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133207449860000000)
دیدارەكە ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣، بەڕێوەچوو؛ لەم دیدارەدا لە نزیکەوە گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە تایبەتی لەبارەی یەکخستنی هەوڵ و تواناکانی نێوان وەزارەت و دەزگەی روانگە بۆ ڕاهێنان و شیاندنی تواناکانی جوتیاران و فەرمانبەران و ئاشناکردنیان بە شێوازی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کشتوکاڵی مۆدێرن كرا. هەروەها پاڵپشتیکردنی زیاتری جوتیاران لەپێناو دۆزینەوەی بازاڕ و بەپیشەسازیکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان و هەماهەنگی و زەمینەسازی بۆ پڕۆژەکانی گەنجان و ڕەخساندنی هەلی کار و بەهێزکردن و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک باسی دیكەی گفتوگۆكە بوون.
لە تەوەرەیەكی دیكەدا باسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و زیادکردنی پانتایی سەوزایی و پارێزگاری لە ژینگە و باشتر بەڕێوەبردنی سێکتەری باخداری و کارکردن لەسەر بەهێزکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و پەروەردەکردنی نەمامگەکان لە سەر ئاستی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو كرا.