لیژنەی باڵای تایبەت بە سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان کۆبووەوە
![](/media/18511/332961772_721719992781000_7809357942101516667_n.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133219697080000000)
ڕۆژى یەکشەممە، ٢٦ ی شوباتی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامان، لیژنەی باڵای تایبەت بە سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بۆ مەبەستی تاووتوێکردنی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی خولەکانی ڕاهێنان و شیاندنی دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بوو. ئەوەش لەپێناو سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی سەرپەرشتیاری لە کەرتی تایبەت، لە ژێر ڕۆشنایی و ڕێکارەکانی پەیوەست بە یاسای ژمارە ٢٠ و ڕێنمایی ژمارە ٤.
لەم کۆبوونەوەیەدا، ئامادەبووان سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانی خۆیان خستە ڕوو، دواتر چەندین بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیارێکی گرنگ گەڵاڵە و پەسندکران، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەری لەسەر خێراکردن و سەرکەوتنی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی خولەکانی ڕاهێنان و ئامادەکاری بۆ بەخشینی بڕوانامەی بەشداریکردن بۆ سەرکەوتووانی خولەکان و هەماهەنگی لەگەڵ پڕۆژە و یەکەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵی دەبێت.