بە مەبەستی دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان کۆبوونەوەیەکی هاوبەش کرا
![](/media/21039/fb_img_1689527602846.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133340486290000000)
ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ى تەممووزی ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد، بە مەبەستی تاووتوێکردنی هەنگاوەکانی دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان بە قیستی درێژخایەن بۆ جووتیاران و خاوەنپڕۆژە کشتوکاڵییەکان، لە ژێر ڕۆشنایی بڕیاری ژمارە (٧٩)ی ئەنجوومەنی وەزیران و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو.
لەم کۆبونەوەیەدا هەموو لایەک لەسەر خێراکردنی ئەم پڕۆسەیە و گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی کارئاسانی، بە مەبەستی دابینکردن و گەیاندنی ئامێرەکان بۆ جووتیاران، هاوڕا بوون، کە ئێستا پرۆسەی ناونووسین و داواکارییەکان لەسەر ئاستی سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەستی پێ کردووە.
هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو، سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان تەواو بکرێن، بۆ ئەوەی بە پێی تایبەتمەندیی پێشکەوتووی ئەورووپی و ئیتالی دەست بە هاوردەکردنی ئامێرەکان بکرێت.