Skip to the content

بەنداوەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەسەر کرانەوە

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی سەرۆکی بەشە تەکنیکییەکان و شارەزایان، سەردانی دوو بەنداوی لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد، کە کارکردن تیایاندا بەردەوامە.

سەرەتا سەردانی پڕۆژەی بەنداوی (سبنە ٢) یان کرد لە سنووری قەزای ئامێدی، پرۆژەکە لە سەرەتای ساڵەوە دەستی بە کار کردووەتەوە، دوای بەسەرکردنەوەی بەشە جیاجیاکانی بەنداوەکە و قۆناغەکانی کاری پڕۆژەکە، لەگەڵ ئەندازیاری نشینگە و ستافی سەرپەرشتی و کۆمپانیای جێبەجێکار هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکە کرا و ڕێنوێنی پێویست درا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و خێراترکردنی کارەکان، وە دەستخۆشییان لێ کرا کە ڕێژەی جێبەجێکردن گەیشتووەتە (٤٦٪)، هەمان ڕۆژ بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک و تیمی هاوڕێی سەردانی ناحیەی کانیماسی کرد و بە هاوڕێیەتی بەڕێوەبەری ناحیە و هێزی پاسەوانی سنوور، سەردانی پرۆژەی (بەنداوی گەڵی بێدۆهی)یان کرد کە زیاتر لە ١٠ ساڵە کارەکانی وەستاون، ئێستا لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە دەست بە چاکسازی و چارەسەری کەموکوڕییەکانی کراوەتەوە. ڕێنماییی پێویست درایە کۆمپانیا و ستافی سەرپەرشتی کە بەپێی تایبەتمەندیی تەکنیکی و زانستی کارەکە جێبەجێ بکەن .

توانای بەکۆگاکردنی ئاو لە بەنداوی سبنە ٥ ملیۆن مەتر سێجا و بەنداوی گەلی بێدۆهی ١.٨ ملیۆن مەتر سێجایە.