Skip to the content

ستراتیژی ڕاهێنانی نیشتیمانی هەزاران جووتیاری کوردستان بە ڕێنمایی پێشکەوتوو بەهرەوەر دەکات

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ى تەممووزی ٢٠٢٣، لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، فرەچەشنکردنی داهات، بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی جووتیاران، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، بەپیشەسازیکردن، پاکێجین، زیادکردنی خواستی هاووڵاتیان، بەرزکردنەوەی کوالێتی و جۆری بەرهەمهێنان، ڕاهێنان و ڕێنماییپێدانی جووتیاران بەڕێوە چوو.

پڕۆژەکە لە پێناو گەیاندنی ڕێنمایی و شیاندنی تواناکانی جووتیارانی بەرهەمهێنەری باخداری و میوە بە تایبەتی و چۆنیەتیی خۆگونجاندانە لەگەڵ کەشوهەوای ڕاهێنان و پەیڕەوکردنی شێوازی کشتوکاڵیی ئۆرگانی و ڕێکخستنەوەی باخەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.

پڕۆژەی "ستراتیژی ڕاهێنانی نیشتیمانی" بۆ جووتیاران بە شێوەیەکی سەرتاسەری لە هەموو هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کە بەهەماهەنگی لەگەڵ پسپۆران لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و بە هاوکاریی کۆمپانیای "کابی هۆلەندی" و تاقیگەی پێشکەوتووی "لۆکس ئەجێنس" بۆ ڕاهێنانی هەزار جووتیار بەڕێوە چووە. لە قۆناغی یەکەمیشدا بڕاونامە بەسەر ١٢ ڕاهێنەری پێشەنگی کشتوکاڵی پێشکەش کرا، کە ئاستێکی زۆر باشیان هەیە.

ئەم خولە هەموو جووتیار و فەرمانبەرانی ناوچەکان دەگرێتەوە؛ لە هەر ناوچەیەک ٨ فەرمانبەر ئامادە دەکرێن، هەر ڕاهنێەرێک لە ناوچەی خۆیدا ڕاهێنان و ڕێنمایی ‌پێشکەش بە ٢٠-٢٥ جووتیار لەسەر جۆری بەرهەمەکان و چۆنیەتیی کردارە کێڵگەییەکان و کارە تاقیگەییەکان و چاندن و سیستەمی ئاودان دەکات.

ڕێنماییەکان لەسەر بەرهەمی هەنار و سێو و ترێیە، کە وا بڕیارە بە تەواوبوونی قۆناغەکانی ئەم پڕۆژەیە، تا کۆتاییی مانگی ئاب، هەزار جووتیار ڕێنمایی بکرێن و لە تەواوی زانیاری و تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی نوێ، بە کەمترین تێچووی بەرهەمهێنان و بە شێوازێکی پێشکەوتوو لە ڕێنماییی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی سوودمەند بکرێن.

ڕاهێنان و هۆشیارکردنەوەى جووتیاران بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و بە بازاڕکردنی، یەکێک لە هەنگاوەکانی بەهێزکردنی ڕەوتی هەمەچەشنەکردنی کشتوکاڵ و ئابووریی کوردستانە و کابینەى نۆیەم بە پتەوی کارى بۆ کردووە.