Skip to the content

هەرێمی کوردستان سوود لە هەماهەنگییەکانی وڵاتی ئیمارات بۆ کشتوکاڵ وەردەگرێت

ڕۆژی چوارشەممە ، ٢٦ى تەممووزی ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بریکار و ستافێکی وەزارەت، پێشوازیی لە بەڕێزان ئەحمەد ئەلزاهری، کۆنسوڵکاری گشتیی شانشینی ئیماراتی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان و گرووپی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی E20 کرد.

لەو دیدارەدا تاووتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرا، بە تایبەتی لەبارەی چۆنیەتیی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی لە بوارەکانی بەبازاڕکردن و بەپیشەسازیکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و دامەزراندنی کارگە و پرۆژەی ستراتیژی، شیرەمەنی و تاقیگەی دەرمان و ڤاکسین و هاوکاریکردنی جووتیاران و خاوەنپرۆژەکانی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی ئالیک و ئاژەڵداری و سامانی ئاژەڵی و باخداری.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکیی هاوبەش، بە مەبەستی گەڵاڵەکردن و جێبەجێکردنی ئەو پێشنیار و ڕاسپاردە و بەرەوپێشچوونانەی کە باس کران، لە پێناو بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی کشتوکاڵی و زیادکردنی داهاتی جووتیاران و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان.