بێگەرد تاڵەبانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە کۆماری چیک
ڕۆژی دووشەممە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری چیک، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەشتە براگی پایتەختی ئەو وڵاتە.
لەو سەردانەدا کە شاندێکی وەزارەت یاوەری بوون، بە ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتی چیک لە هەرێمی کوردستان، لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵی کۆماری چیکەوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە بارەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری، بەتایبەتی بەنداوەکان کرا و باس لە ڕاهێنان و شیاندنی فەرمانبەرانی وەزارەت و جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ ئەوەی سوود لە پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتە وەربگیرێت.
شاندی وەزارەت داوایان کردن کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان هانبدەن بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سەرمایە گوزاری بکەن و لەمبارەوە بەڵێنی کارئاسانی تەواوی وەزارەتیشان پێ ڕاگەیاندن.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا باس لە کشتوکاڵی ئۆرگانی و هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵیکرا بۆ ئەو وڵاتە و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند:'' ئەمە ئامانجی وەزارەتمانە لە میانی سەردانیکردنمان بۆ هەر وڵاتێک.''
لە لایەن خۆیانەوە تیمی وەزارەتی کستوکاڵی کۆماری چیک، باسیان لە پێشکەوتنەکانی ٸەم کەرتە کرد، بەتایبەت پیشەسازی کشتوکاڵ و ئیدارەدانی ئاو و گرنگی بەرهەمە خۆراکییەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک و سەوزە و میوە و رایانگەیاند کە بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕواننە هاوکار و هەماهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری وڵاتەکەیان.