بێگەرد تاڵەبانی پێشوازی لە جێگری کونسوڵی هۆڵەندا کرد
ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێگری کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا بێگەرد تاڵەبانی، ڕۆڵی وڵاتی هۆڵەندا لە پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، وهەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە، بەتایبەت لەبارەی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ( پۆلیسی پەیپەری کشتوکاڵی) نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هۆڵەندا، کە تیایدا پلان و نەخشە ڕێگایەکی گشتگیر بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوریی کشتوکاڵی و ئاودێری لە هەرێمی کوردستان دارێژڕاوە، بە ئامانجی پارێزگاری کردن لە ئاسایشی خۆراک و بەپیشەسازی کردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرووبوومە خۆماڵیەکانی جووتیاران و برەودانی زیاتر بە زنجیرەی بەها خۆراکییەکان.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، داوای لە شاندی میوان کرد ڕۆڵیان هەبێت لە پاڵپشتیکردنی دارایی و تەکنیکی وەزارەت، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ستراتیژیەت و پلانەکانی ڕوبەڕووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی بۆ سەر ژینگە و ئاسایشی خۆراک و کەمبوونەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و دیاردەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان.