Skip to the content

هەنگاوەکانی پڕۆژەى ئاوێزانکردنی کشتوکاڵ و گەشتیارى (گه‌شتوکاڵ) دەست پێ دەکات

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی دیدارێکی هاوبەشی نێوان بەشێک لە جووتیارانی خاوەن باخ و بیرۆکە و پڕۆژەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرینی کرد.

لەم دیدارەدا لەلایەن ڕاوێژکار و ڕاهێنەری نێودەوڵەتی "دۆچکا" تیشک خرایە سەر هێڵە گرنگەکانی ئاوێتەکردن و بەیەکەوەبەستنی هەردوو سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتیاری لە ژێر ناونیشانی "پڕۆژەی گه‌شتوکاڵ AGROTOURISM".

ئەم پرۆژەیە دەرفەتێکی گرنگی پاڵپشتیی بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەروبوومە خۆماڵییەکانی جووتیاران و بەکولتورکردنی گەشتیاری و باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی جووتیارانە لە ڕێگەی سیستەمێکی ڕێکخراوی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی GIZ، بە مەبەستی هاندانی جووتیاران بە پێشکەشکردنی یارمەتی و ڕاوێژکاری بۆ بووژانەوەی باخ و زەوییەکانیان.

بۆ لەمەودوا لە ڕێگەی تیمێکی تەکنیکی بەئەزموونی نێودەوڵەتی، بە هەماهەنگیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەستەی گەشتوگوزار، کولتووری هێنانەکایەی پڕۆژەی کشتوکاڵیی گەشتیاری بە چەند قۆناغێک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکرێت.