هەوڵ بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران دەدرێت
رۆژی چوارشەممە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، تیمێکی تایبەتی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی وەزارەتیان کرد و کۆبونەوەیەک بەسەرپەرشتی رزگار حمد خدر، راوێژکاری وەزارەت و بەئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار لە وەزارەت ، بۆمەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران ئەنجامدرا.
لە کۆبونەوەکەدا تیمی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایانگەیاند، بە پەرۆشیەوە کار بۆ بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی بەروبوومە ناوخۆییەکانی جوتیاران دەکەن ئەوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەتایبەتی بەرهەمەکانی میوەی وەک ترێ، سێو و هەنار و هەنگوین.
هەروەها باس لەو هەنگاوانە کرا کە گرنگە بۆ گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات لە ڕێگای بەبازاڕکردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ.
لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە ڕاهێنانی فەرمانبەران و بەهێزکردنی توانای مرۆیی فەرمانبەرانی وەزارەت کرا، بەمەبەستی رێنماییکردنی جوتیاران و کارکردن بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی و کواڵێتی بەرز ، لەڕێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و سەردەمی، وە هەروەها کارکردن بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی ناوخۆیی کە( ترێ و هەنگوین)ە لە قۆناغی یەکەم، وە بۆ هەنار و سێو لە قۆناغەکانی وەرزی داهاتوو، لەمبارەوە تیمی ئەنجومەنی وەزیران پریزنتەیشنێکیان پێشکەش کرد.