Skip to the content

هەرێمی کوردستان و چیک هەماهەنگی لەسەر ئیدارەدانی ئاو و کشتوکاڵ دەکەن

ڕۆژى سێشەممە، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازی لە کارل کۆرتانیک، کونسوڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە مەبەستی گەیاندنی بانگهێشتنامەى فەرمیی وڵاتەکەیان سەردانی وەزارەتیان کرد؛ بۆ ئەوەی کە وەفدێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە فەرمی سەردانی وڵاتی چیک و وەزارەتی کشتوکاڵی چیک بکەن.

لەم دیدارەدا لە نزیکەوە تاووتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک کرا، بەتایبەتی لەبارەی چۆنییەتیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی زانکۆکانی چیک بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی زانستی و خستنەڕووی دۆخی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی پڕۆژەکانی ئاودێری و دروستکردنی بەنداو و یەکەکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی.

لە تەوەرەیەکی دیکەی دیدارەکەدا، باسی بەپیشەسازیکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانی جووتیاران کرا، لەپێناو هەماهەنگیی نێوان هەردوولا بۆ یەکخستنی تواناکانی بەبازاڕکردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان و برەودانی زیاتر بە ڕاهێنان و شیاندنی تواناکانی جووتیاران و ئاشناکردنیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی.