بێگەرد تاڵەبانی، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ کۆبووەوە
رۆژی یەکشەممە ٧ی ئایاری ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی ستافێکی باڵای وەزارەت، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵیان کرد.
لە دیدارێکدا تاوتوێی چەند تەوەرێکی گرنگیان کرد لەوانەش چارەسەکردنی کێشە و داواکاری پڕۆژە پەلەوەرییەکان و سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی بەرووبوومەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
لە کۆبوونەوەکدا بڕیاردرا کە بەخێرایی لێژنەیەکی هونەری پێک بهێنرێت لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ، کە نوێنەری خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی تێدا ئامادە بێت و لە ماوەی هەفتەیەکدا پێشنیار و رێگەچارەی گونجاو بۆ چۆنیەتی هەناردنی بەرووبوومی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق یەکلای بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە پێدانی بڕوانامەی تەندروستی بۆ بەروبوومە کشتوکاڵیەکان کرا و بریاردرا بەپێی ناوەرۆکی یاداشتنامەی لێک تێگەشیتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا ،ئەم بابەتە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، کە تیایدا هەرێمی کوردستان تخویلکراوە لەسەر مەسەلەی دەسەڵاتی پێدانی بڕوانامەی تەندروستی.
تەوەورێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە نەخۆشی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی (تەبەق)کە توشی ئاژەڵان دەبێت، بڕیاردرا بۆ لەمەودوا لە سەر ئاستی عێراق بەیەک شێوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و چارەسەری پێویستی وەربگیرێت و خاوەن پڕۆژەکانی ئاژەڵی هەرێمی کوردستانیش لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن.
بابەتی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانیش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، هەردوولا هەماهەنگیان کرد لەسەر ئەوەی کە هەموو جوتیارێکی هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لە بابەتی پێدانی ئەو بڕەی کە بەرهەمیدێنیت، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبونەوەیەکی هاوبەش ئەنجامدەدرێت.
لەبارەی دابینکردنی هێلکەی خواردن بەپێی فۆرمی خۆراکی هاووڵاتیان بڕیاردرا کە پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بکرێت بۆ ئەوەی هەماهەنگی بکات بەمەبەستی بەشداری کردن و داخلکردنی پڕۆژەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی هێلکە و کڕینەوە و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.