بێگەرد تاڵەبانی و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەى پرسە کشتوکاڵییەکانەوە کرد
ڕۆژى پێنجشەممە، ٤ى ئایارى ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی بە یاوەیی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، لە لایەن موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازی لێ کرا.
لەم دیدارەدا لە نزیکەوە تاووتوێی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چۆنییەتیی گرنگیدان بە دۆسیەکانی ئاو و کشتوکاڵ کرا، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی کرداریی حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
هەروەها لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چاکسازیی کەرتی کشتوکاڵی و پشتیوانیی جووتیاران و وەبەرهێنەران و پارێزگاری لە ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرووبوومە خۆماڵییەکان، لە چوارچێوەی یاسای وەبەرهێنانی کشتوکاڵیدا کرا.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پشتیوانی و پەرۆشیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستپێشخەری و تێڕوانینی گشتی بۆ برەودانی زیاتر بە سێکتەری کشتوکاڵ و پڕۆژەکانی ئاودێری دووپات کردەوە و جەختی لە داکۆکی مافەکانی جووتیاران کردەوە.