تاووتوێی کێشەی کەمئاوی و دانانی پلانی هاوسەنگ لە عێراق کرا
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣٠ى ئایارى ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی گرنگی کرد، بە مەبەستی تاووتوێکردنی بارودۆخی کێشەی کەمئاوی لە عێراق و پلاندانان بۆ هاوسەنگیی ئیدارەدانی ئاو.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەفدی باڵای تەکنیکیی حکومەتی فیدراڵیی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو حکومەتی عێراق کە پێک هاتبوون لە بەرێوەبەری گشتی بەنداوەکانی عێراق و بەرێوەبەری گشتیی دیراساتی ناوچەی باکوور و بەرێوەبەری گشتیی سەنتەری نیشتیمانیی ئیدارەی ئاو، هەروەها شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پێک هاتبوون لە عەبدولرەحمان خانی، بەرێوەبەری گشتیی بەنداوەکان و د.کاروان سەباح، بەرێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان و بەرێوەبەرانی سەرچاوەکانی ئاوی دیالە و کەرکوک لە حکومەتی فیدراڵی.
لەو کۆبونەوەیەدا سەرجەم کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق خرانە ڕوو، بە تایبەتی لەبارەی کێشەکانی جووتیاران و هەناردنی بەروبوومەکانی سەوزە و میوە و بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم بۆ دەروازەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کێشەی بەبازاڕکردن و وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران.
لە کۆبوونەوەکەدا بێگەرد تاڵەبانی پەیوەندی کرد بە ئەندازیار عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بۆ پێدانی ڕوونکردنەوەی زیاتر لەبارەی کێشەکانی جووتیاران و کاراکردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا بۆ ئیدارەدانی دۆخی ئاو و کشتوکاڵ و پاڵپشتییەکانی جووتیاران و بەرهەمهێنانی کارەبا، هەر لەم بارەیەوە ڕێککەوتنی هاوبەش کرا بۆ سیانە و بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی دابینکردنی پشکی هەرێم بۆ ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاودێری.