لەمەودوا بە پێی یاساى ١٦ى ساڵی ٢٠٢١ بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆو جێبەجێ دەکرێت
![](/media/19475/fb_img_1683058893344.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133275701710000000)
ڕۆژی سێشەممە، ٢ى ئایارى ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ئەندامانی لێژنەی باڵا، یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بنەتۆو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو؛ بۆ ئەوەی لەمەودوا لە ژێر ڕۆشناییی یاسای ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بە بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆو و شەتڵ و تۆمارکردن و پەسندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان کار بکرێ.
لەو کۆبوونەوەیە تاووتوێی چۆنییەتیی بەکارخستنی یاساکە و ئامادەکردنی ڕێنماییی تایبەت بە یاساکە کرا ،بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی یاساکە وەک هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی و پاڵپشتی و پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی و جیاکردنەوەی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی تەرزە کشتوکاڵییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ جووتیاران و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆو و شەتڵ و تۆمارکردنی تەرزە کشتوکاڵییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەم هەنگاوە گرنگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە داهاتوودا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی جووتیاران و بە بڕشتکردن و باشترکردنی کوالێتیی کشتوکاڵکردن و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراکی وڵات دەبێت.