وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق چوار بەنداوی ستراتیژیی نوێ دروست دەکەن
ڕۆژى یەکشەممە ،٢١ى ئایارى ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیی لە ئەندازیار عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و ستافێکی یاوەری کرد. لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی چەندین بابەتی گرنگ کرا، وەکوو:
یەکەم: جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ناوەرۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت، لە بارەى سەرجەم ئاڵنگاری و داواکاری و کێشەکان و بەرچاوڕوونی لەبارەی هەماهەنگی و بەیەکەوە کارکردن لەسەر چۆنیەتیی ئیدارەدانی دۆسیەی ئاو و ستراتیژی ئیدارەدانی ئاو لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
دووەم: دروستکردنی چوار بەنداوی گرنگ و ستراتیژیی: مەنداوە، دەڵگە، باکرمان، تەقتەق لە چوارچێوەی دیراسەی ستراتیژی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا.
سێیەم: چاککردنی بەنداوە ستراتیژییەکانی دوکان و دەربەندیخان و دهۆک، کە دیراسە و دەرخستەکانی چووەتە قۆناغی تەرخانکردنی بودجە و دەستپێکردن.
چوارەم: پاککردنەوەی ڕێڕەوەکانی ئاو و پۆندەکان و پڕۆژەکانی ئاودێری و دانانی تەکنەلۆژیا و پێوەری پێشکەوتوو بۆیان.
پێنجەم: بەشداریکردنی نوێنەرایەتیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە سەرجەم کۆنگرە و کۆبوونەوە و دیدارە گرنگەکانی تایبەت بە دۆسیە و دانوستانەکانی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
شەشەم: بەیەکەوە بەشداریکردن لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و خەزنکردن و بەردانەوەی ئاوی بەنداوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی پشکی هەرێم لە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ.
حەوتەم: یەکخستنی هەوڵ و تواناکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە ناوچەکە.
لە کۆتاییدا بڕیار درا لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەش و تەکنیکیی هەردوو وەزارەت، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ئەو ڕاسپاردە و بڕیارە گرنگانە بکرێ کە لەم کۆبونەوەیە گەڵاڵە و پەسند کران.