بێگەرد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نێشتەجێبوونی حکومەتی فیدراڵ کۆبووەوە
ئەمڕۆ یەک شەممە ، ٧ی ئایاری ٢٠٢٣، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی فیدراڵی کرد و لەلایەن پەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونەوە پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا تاوتوێی چەندین بابەتی گرنگ کرا بە تایبەتی پیسبوونی ئاو لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک کە بەهۆیەوە پاشەڕۆی ئاوەکان دەچێتەوە سەر دەریاچەی دەربەندیخان و زێی گەورە و رێکارەکانی چارەسەکردنی ئەو بابەتە و چۆنیەتی پاککردنەوەی ئاو لە ئاوەڕۆکان.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی فیدراڵ کرد، کە ڕۆلیان هەیە لە چەسپاندنی پاڵپشتی دارایی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە بواری کشتوکاڵیەوە هەیە.
وەزیر ی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون ئامادەیی تەواوی بۆ هەماهەنگی و پشتیوانی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی کە پەیوەندی بە ژینگە و پیسپوونی ئاو هەیە.