Skip to the content

حکومەتی هەرێم ڕێگەى جۆراوجۆر بۆ بەرەنگاریی نەخۆشی تاى خوێنەبەربوون دەگرێتە بەر

ڕۆژى دووشەممە، ٢٢ى ئایارى ٢٠٢٣، لیژنەی باڵای تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون کۆبوونەوەی خۆی بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکارە گرنگەکانی خۆپارێزی کرد.

لەم کۆبونەوەیەدا دوابەدوای تاووتوێکردنی دۆخی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگ دران، لەوانەش:

١- بڕیار درا لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەم پەتایە بە ڕشاندنی قەسابخانەکان و ڕشاندنی لەوەڕگاکانی ئاژەڵەدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مێرووەکان و گەنە تەرخان بکرێت.

٢- بڕیار درا لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە هەوڵ بدرێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی قەسابخانەکان نەدرێت، هاووڵاتییان هۆشیار بن لە بەکارنەهێنانی ئاژەڵی سەربڕاو لە دەرەوەی قەسابخانەکان و بەکارنەهێنانی گۆشتی بێ مۆر.

٣- بڕیار درا هاتوچۆی ئاژەڵ بە شێوەیەک سنووردار بکرێ کە لە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری بێت.

٤- بڕیار درا لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لیژنەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای خوێنبەربوون دروست بکرێ، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری و ئەندامیەتیی هەریەک لە نوێنەرایەتیی تەندروستی و یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و شارەوانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.

٥- بڕیار درا کە لە ڕێگەی سۆشیالمیدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە سەرنج بخرێتە سەر کەمپینی هۆشیاریی هاووڵاتیان بۆ چۆنیەتیی بەکارنەهێنانی گۆشتی سوور لەسەر شەقامەکان، هەروەها بەکارهێنانی دەستکێش لەلایەن خانمانەوە لە کاتی بەکارهێنانی گۆشت و پاککردن و چاککردنی گۆشت بۆ چێشتلێنان لە ماڵەکانیان.

سەرجەم ئەم بڕیارانە پێکەوە لە کۆنووسێکی هاوبەشدا ئامادە دەکرێ و ڕێکاری پێویستی بۆ دەگیرێتە بەر و دواتر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە بە مەبەستی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لەپێناو هەڵمەتێکی نیشتیمانیی سەرتاسەری بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای خوێنبەربوون لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان.