لە پێناو زیادکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەردانی بەغدا دەکەن
بە مەبەستی داکۆکیکردن لە مافی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنم و ڕۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ بازاڕەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق، وەفدێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا و بەیانی بەشداری دەکەن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیی د.فوئاد حسێن، کە چەند ڕۆژێکە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەماهەنگیی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جووتیاران.
لەمبارەوە بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: "لە ڕێگەی وەفدەکەی وەزارەتمان نووسراوێکی فەرمیی نارەزایەتی و داواکاریمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق کردووە، لەسەر بابەتی دیاریکردنی ئەو ڕێژەیەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، کە بڕی ٣٧٥ هەزار تەنە؛ داوامان کردوو بە هەمان شێوەی شارەکانی تری ناوەراست و خوارووی عێراق بێت."
لە هەمان کاتیشدا لەسەر بابەتی رێگریکردن لە ڕۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوەراست و خوارووی عێراق، شاندەکەی هەرێم نامەیەکی نارەزایەتی و داواکاری دەگەیەننە ئەنجوومەنەکە، کە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن رەزامەندیان دا لەسەر بەشداریکردنی نوێنەرایەتیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لەو کۆبوونەوەیە بە ئامانجی گەیاندنی کێشە و داواکارییەکانی جووتیاران و پەیامی وەزارەت.