وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە کشتوکاڵییەکان لەگەڵ عێراق دەدات
ڕۆژى پێنجشەممە، ٤ى ئایاری ٢٠٢٣، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، بێگەرد تاڵەبانی، لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.
لە دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون بۆ چارەسەرکردنی کۆی کێشە و ئاستەنگە کشتوکاڵییە هاوبەشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەتی گفتوگۆ لەبارەی پاڵپشتی و بەبازاڕکردنی بەروبوومە ناوخۆییەکانی جووتیاران و پڕۆژە و کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کرا، بە ڕووی بەروبوومە خۆماڵییەکانی هەرێم و هەماهەنگیکردنی هەردوولا لە دەرچوواندن و هەموارکردنی یاسا کشتوکاڵییەکان.
هەروەها لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تاووتوێی کاراکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرا، کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراوە، بۆ مەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشە و ئاستەنگە هاوبەشەکان و بەیەکەوە بەشداریکردن لە ستراتیژی بەڕێوەبردن و برەودان بە سێکتەری کشتوکاڵ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.