Skip to the content

پێنج هەزار شەتڵ و نەمام لە شاری هەولێر دەچێنرێن

ڕۆژى دووشەممە، ١٥ى ئایارى ٢٠٢٣، پڕۆژەی چاندنی ٥ هەزار شەتڵ و نەمام لەژێر دروشمی "بنیاتنانی خۆراگڕی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک" لە هەولێر بەڕێوە چوو.

ئەم پڕۆژەیە لە شاری هەولێر، لە کێلگەی کشتوکاڵیی گردەڕەشە لەسەر ڕووبەری ٢٦ دۆنم زەوی، بە هەماهەنگی و بەشداریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەزگای ڕوانگە و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) و ڕێکخراوی (GIZ) و کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوە چوو، کە تێیدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئامادە بوو.

پڕۆژەکە وەکوو هەنگاوێکی ستراتیژیی هەمەلایەن بۆ برەودان بە سەوزکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دیاردەی کەمئاوی و گەرمبوونی زەوی و یەکخستنی دەرفەتەکان بۆ زیادکردنی پانتاییی سەوزایی بەڕێوە دەچێت.